دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێم هەموو نەرمییەکی نواند

هەرێم نیوز 

مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی  نواند، دەشڵێت، دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار  لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی  نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە ، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون. 

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە، هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە ، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

لە کۆتایدا دەڵێت، هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP