دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆكی حكوومەت پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی قەتەر دەكات

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی ماڵئاواییدا پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی قەتەر کرد. لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر کردەوە و کونسوڵی قەتەریش ستایشی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد و سوپاسی کونسوڵی گشتیی قەتەریشی کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.

هاوکات، کونسوڵی گشتیی قەتەر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەریشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.

هەروەها، ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP