هەرێم نیوز
ئەمریکا و تورکیا مۆڵەتێکی 30 ڕۆژەیان داوەتە (هەسەدە) بۆ یەکگرتنیان لەگەڵ سوریا.
پێگەی میدل ئێست ئای، ئەمڕۆ دوشەممە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانیەوە بڵاویكردەوە، ئارامی ئەمریکا و تورکیا خەریکە بە كۆتادێت. لە کۆبونەوەیەکدا كە هەفتەی ڕابردو لە سوریا ئەنجامدراوە، بەرپرسانی ئەمریکی و تورکی مۆڵەتێکی 30 ڕۆژەیان وەک دوا وادە داوەتە هەسەدە بۆ ئەوەی بچنە پاڵ حکومەتی دیمەشق.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەكردوە، بە هەسەدە وتراوە کە هەمو یەکە چەکدارەکانیان ناخرێنە ناو سوپای سوریاوە. ئەو یەکانەی کە لە یەکگرتنەکەدا بەشدار نابن چەک دەکرێن، و کۆنترۆڵی گشتی لای حکومەتی سوریا دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی دیمەشق ئارەزویەکی ئەوتۆی نیشان نەداوە بۆ تێکەڵکردنی یەکەکانی تایبەت بە ژنانی هەسەدە، کە بە یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناسراون بۆ ناو ڕیزەکانی.
بەگوێرە میدیا بریتانیەكە، بەرپرسە تورکەکان لە کۆبونەوەكەی هەفتەی ڕابردودا كە لە سوریا بەڕێوەچو، جەختیان لەوەکردەوە کە نابێت هەسەدە نیازپاکی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتن بقۆزێتەوە بە درێژکردنەوەی دانوستانەکان و کات کوشتن.
سەرچاوەکانی حکومەتی تورکیا نیگەرانن لەوەی کە دەستێوەردانی ئیسرائیل ڕەنگە هەسەدە هان بدات بۆ بەردەوامبون لەسەر داواکارییەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی، بەتایبەتی کە وادیارە دیمەشق لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا بێکاریگەرە و ڕوبەڕوی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی کەمینەی دروز دەبێتەوە.
پێگەکە باسی لەوەکردوە، لە کۆبونەوەکەی هەفتەی ڕابردودا، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە یەپەگە کردوە کە زانیاری لەسەر تۆڕی تونێلەکان لە درێژایی سنوری تورکیا و کۆگاکانی چەک کە لە ناوچە مەدەنییەکاندا دامەزراون، پێشکەش بکات.