دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

گەرمای تاقەت پڕوکێن بەڕێوەیە

هەرێم نیوز
محەممەد کەمال، ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی گەرما ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و پێشبینی دەکرێت تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت. بەپێی قسەکانی ناوبراو، پلەکانی گەرما لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زیاتر لە 7 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.

 بە وتەی محەمەد کەمال، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و بەراورد بە دوێنێ دوو پلە بەرزتر بووەتەوە. چەقی گەرماکە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستپێدەکات و تا ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی، ٢٥ی تەممووز، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، تێکڕای پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی. بە تایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، پلەی گەرما بگاتە نزیکەی ٥١ پلەی سیلیزی.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتیان دەکەن کە ڕێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر. گرنگترین ڕێنماییەکان بریتین لە:
خۆ بەدوورگرتن لە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ: داوا لە هاووڵاتیان کراوە ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت، لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٤:٣٠ی ئێوارە نەچنە دەرەوە.لەم کاتانەدا تیشکی سەروو بنەوشەیی زۆر بەهێزە و دەتوانێت زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.

خواردنەوەی شلەمەنی: پێویستە بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە بۆ پاراستنی شێی لەش.
جلوبەرگی گونجاو: لەبەرکردنی جلوبەرگی کونی ڕەنگ کاڵ و بەکارهێنانی کڵاو و چەتر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرما.
سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلدا: جەختکراوەتەوە کە نابێت بۆن، چەرخ، و خواردنەوە گازییەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵدرێن، چونکە مەترسی تەقینەوەیان هەیە.

ئاگاداری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان: ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە، پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.

بەرپرسانی تەندروستیش هۆشداری دەدەن کە گەرما و ماندوێتی لەوانەیە ببێتە هۆی لەهۆشخۆچوون، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP