هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە تای خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ 231 کەس تووش بوون و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە".
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دووشەممە 21-7-2025 ڕایگهیاند، " 16 تووشبووی نوێی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون. دوو تووشبوویان لە واست و زیقار گیانیان لەدەست داوە".
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە ساڵی 2025 دا 231 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەک تەندروستیی عێراق دەڵێ، لە زیقار 84 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ لە بەغدا 36 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە؛ لە مووسەننا 20 تووشبوو تۆمارکراون و دوو کەسیان گیان لەدەستداوە؛لە واست 19 کەس تووشبوون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە .
لە بەسرە، میسان، موسڵ، دیالە، دیوانییە، بابل، نەجەف، کەربەلا و سەڵاحەدین 58 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 9 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک 12 تووشبوو تۆمارکراون و 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لە هەولێر 2 تووشبوو تۆمارکراون و هیچ تووشبوویەک گیانی لەدەستنەداوە؛ لە دهۆک سێ کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش دوو تووشبوو تۆمارکراون و کەس گیانی لەدەستنەداوە.
زۆرترین تووشبوون و گیانلەدەستدان لە باشووری کوردستان لە کەرکووک بووە بە جۆرێک 5 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.