دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 26/07/2025

چارەسەری ڤایرۆسی HIV دەدۆزرێتەوە

هەرێم نیوز 

لە هەنگاوێکدا کە بە وەرچەرخانێکی گەورە لە بواری خۆپاراستن لە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ (HIV) دادەنرێت، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا (EMA) داوای پەسەندکردنی بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ دەكات بۆ ئەو جۆرە ڤایرۆسە کە بەشێوەی دەرزی و شەش مانگ جارێک بەكاردێت، هەروەها توێژینەوەکان سەلماندویانە کە دەرمانە نوێكە توانای ڕێگریکردنی لە گواستنەوەی نەخۆشییەکەی بە ڕێژەی 100% هەیە .

دەرمانە نوێیەکە، کە بە شێوەیەکی زانستی بە "لێناکاپاڤیر" (lenacapavir) ناسراوە و لەلایەن کۆمپانیای "Gilead Sciences" بە ناوی بازرگانی "یەزتۆگۆ" دەخرێتە بازاڕەوە و دەستەی دەرمانی ئەوروپاوە هەڵسەنگاندنی بۆ کردوە و بە "زۆر کاریگەر" و "لە بەرژەوەندییەکی گەورەی تەندروستی گشتی" لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا وەسفی کردوە.

ئەم پێشهاتە هیوایەکی نوێ دەبەخشێت بە هەوڵە جیهانییەکان بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی HIV، کە هێرشدەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ و لە ئەگەری چارەسەرنەکردنیدا، دەبێتە هۆی نەخۆشی ئایدز (AIDS) کە قۆناغێكی پێشکەوتو و مەترسیداری توشبونە بەو ڤایرۆسە.

چاوەڕوان دەکرێت ڕاسپاردەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت، کە ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەکارهێنانی ئەو دەرمانە لە هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا. هەروەها توێژینەوەکان سەلماندویانە کە دەرمانە نوێكە توانای ڕێگریکردنی لە گواستنەوەی نەخۆشییەکەی بە ڕێژەی 100% هەیە. 

ڕاسپاردەکە پشت بە ئەنجامی ئەو توێژینەوانە دەبەستێت کە لە ماوەی ساڵی ڕابردودا ئەنجامدراون کە تێیاندا دەرکەوتوە، دەرمانەکە بە تەواوی کاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە توشبون بە ڤایرۆسەکە لای ژنان و پیاوان. ئەوەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە بەهێزترین بژاردەکانی خۆپاراستن لە دەیەکانی ڕابردودا.

شارەزایان پێیان وایە، کە پەسەندکردنی ئەو چارەسەرە درێژخایەنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەی جیهانی، كە ئەویش کۆتاییهێنانە بە گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندروستی گشتی تا ساڵی 2030.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP