دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

کۆبوونەوەی ئێران و سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەوروپا کۆتایی هات

هەرێم نیوز

دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و سێ زلهێزی ئەوروپایی (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ بەڕێوەچوو، ئامانجی دانوستانەکان لێکۆڵینەوە لە داخوازیی ڕۆژئاوا بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی؛ ئەگەرنا ئەگەری چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران هەیە کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون.

دوای کۆبوونەوەکە، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە تاران پابەندە بە دیپلۆماسی و دۆزینەوەی چارەسەرێک بە قازانجی هەردوولا. لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئێستا کاتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئاسایشە کە بڕیارێکی دروست و چانسێک بە دیپلۆماسی بدەن.

لۆڕێنس نۆرمان، پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ئێکس نووسیویەتی: “ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لە دانوستانەکانی جنێڤ لە نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی و یەکێتیی ئەوروپادا نەگەیشتووەتە ئەنجامێک”.

دەشڵێت: ئەوەندەی من بزانم ئێران هەندێک بەڵێنی خستۆتە سەر مێزەکە، بەڵام بەڵێنەکان وردەکاری و ناوەڕۆکی تایبەتیان تێدا نەبووە.

کۆبوونەوەی جنێڤ لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئەگەری چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەوروپییەکانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە لە پێشەنگی هەواڵەکاندا بووە.

پارتە ئەوروپاییەکانی ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران تا کۆتایی مانگی ئاب بە ڕێککەوتنی هەمەلایەنە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕازی نەبێت، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاک دەکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP