هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند کە پێدەچێت سێ وڵاتی ئەوروپی - بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا - لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەست بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.
چوار دیپلۆماتکاری ئەوروپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو وڵاتانەی کە بە “E3” ناسراون، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تاران هیچ بەڵێنێکی کۆنکرێتی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە نەداوە. بەڵام ئەوروپییەکان هیوادارن لەماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا ئێران بەڵێنێک بدات کە ڕەنگە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە سزاییەکان دوابخات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بڕیاری سەرەتایی ئەوروپا ئەوەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە پرۆسەی چالاککردنی "سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" دەستپێبکات.
ڕۆیتەرز باس لوە دەکات کە ئێران لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە بنبەست. حکومەتێک کە ساڵانێک بوو سامانی نیشتمانیخۆی لە ژێر دروشمی "دەسەڵاتی ئەتۆمی"دا خەرج دەکرد، ئێستا لە لێواری گەڕانەوەی سزا ئیفلینکەرەکاندایە.