هەرێم نیوز
لە ئێوارەوە هێزێکی زۆری ئەمنی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی دەرچووە.
هێزێکی زۆری ئەمنی لە بازگەكانی سنوری سلێمانی عەربەت، تاسڵوجە و مێرگەپان بڵاوبوونەتەوە و بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەرچووە. بە مادەی تیرۆر.
باس لەوە دەکرێت فەرمانی دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ویستویەتی كودەتا بكات لەناو یەكێتی.
دەشگوترێت کە فەرمانەکە بۆ چەند کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگییە بەڵام ئەگەر ڕادەستیان نەکات فەرمان بۆ ئەویش دەردەچێت.
هەروەها میدیای عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێزانە لە بازگەكان جێگیركراون بۆ ئەوەیە كە هیچ كەسێك بۆ پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی لە شارەكانی ترەوە نەیەنە سلێمانی.
لای خۆیەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە میدیاکانی وتووە ئاگاداری فەرمانی دەستگیرکردنی لاهـور شێخ جەنگی نیم.
میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردەوە، سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنێت، تا سیناریۆی تۆمەت دروستکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوشێوەی پێشوو دروست بکات.
میدیایەکی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، گۆرانکاری گەورە لە سلێمانی بەرێوەیە و هێزێکی زۆری ئەمنی ماڵی بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار تەوق دەکەن.
بەشێک لە زانیارییەکان دژ بەیەکن و تا ئێستا یەکێتی بەفەرمی لەم بارەیەوە نەهاتووەتە دەنگ.