هەرێم نیوز
بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 40%ی پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ کراوە، دەشڵێت، تا ئێستا 2ھەزار و 517 موەلیدە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی کوژاونەتەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو پرۆسەکە تەواو دەکرێت و 7 ھەزار موەلیدە دەکوژێنەوە."
فارس میرخان محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە،"پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و بووەتە ھۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر کارەبا کەمبێتەوە، چونکە کەم سەرفکردنی کارەبا لۆدی سەر وێستەگاکانی کارەبا بەڕێژەی نزیکەی 40% کەمدەکاتەوە، لۆدیش کەمبێت سووتانی محاویلە کەم دەبێتەوە.
دەشڵێت، تا ئێستا 40%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و 2ملیۆن و 700 ھەزار ھاووڵاتی سوودیان لێی وەرگرتووە، دەکاتە 716ھەزار ھاوبەش، پڕۆژەکەش بەردەوامە، ئێستا لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھەڵەبجە بەردەوامە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارەبایەی بەردەستمان بەشی ئەوە دەکات کارەبا بکرێتە 24کاتژمێریی".
وتیشی،" پڕۆژەی دیکەشمان ھەیە، دانەغاز کار دەکات بۆ بەرھەمھێنانی ھەزار و 500 مێگەوات کارەبا، تا مانگی سێی ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت، بۆیە ھیچ گرفتێک بۆ جێبەێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دروست نابێت، ئەو پلانەی دانراوە، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت."
دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا 2ھەزار و 517 موەلیدە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی کوژاونەتەوە، کە دوکەڵیان بەرامبەر بە دووکەڵی 465 ھەزار ئۆتۆمبێلە، تا کۆتایی پڕۆژەکە حەوت ھەزار موەلیدە لە ھەرێمی کوردستان دەکوژێنەوە و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بەتەواوی دەبێتە 24 کاتژمێریی."