هەرێم نیوز
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردیان کڕیوەتەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، چوارشەممە (20ـی ئابی 2025) لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردی کڕییەوە. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی سوودی گشتیی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.
ئاماژهی بهوهشكردووە، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.
ئەوەش هاتووە، دوێنێ (19ـی ئابی 2025) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕایگشتی، وردەکاری پڕۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی خستەڕوو و ڕایگەیاندبوو، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەت و ئەندامێتی ڕاوێژکارێکی وەزارەت، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەت پێکهێنابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، بە بڕیاری دادگا مافی خاوەندارێتی کتێبخانەکە لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا بەخشرا بە یەکێک لە میراتگرەکان، دواتر وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕیەوە.
باسی لەوەش کردووە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لە خۆ دەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی "کتێبخانەی د. عەزیز گەردی" بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.