دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: بەشداربوانی پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی شەشدا هاوبەشانی ماڵان لە کوردستان کەمتر لە 28 هەزاریان بۆ گەڕاوەتەوە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەی ڕووناکیدا نیوەی هاوبەشانی ماڵان لە کوردستان کەمتر لە 28 هەزاریان بۆ گەڕاوەتەوە لە مانگی شەش.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی 8ی 2025، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە دابەشکردنی  پسوولەی کارەبای مانگی شەش بۆ هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی لەچوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کە تیایدا هاوڵاتیان کەمترین پارە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە خوولی مانگی شەشدا، پسوولەی کارەبا لە شاری سلێمانی کەمترین بوون لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەهۆی پاڵپشتی حکومی دابینکراو و لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی ناوشاری سلێمانی کە زۆرترین هاوبەشانی مانگی ڕابردووی لەخۆدەگرت کە بوون بە بەشێک لە پڕۆژەکە.

ئەوەش هاتووە، بڕی پسوولەی نیوەی هاوڵاتیان و  شوێنە بازرگانییەکان بۆ مانگی شەش لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمترە لە:

کوردستان:

ماڵان: 28،000
بازرگانی: 63،000

هەولێر:

ماڵان: 29،000
بازرگانی: 70،000

سلێمانی:

ماڵان: 16،000
بازرگانی: 69،000

دهۆک:

ماڵان: 25،000
بازرگانی: 46،000

*ژمارەی هاوڵاتیان و شوێنە بازرگانییەکان لە پرۆژەی ڕووناکی بەپێی شارەکان:*

کوردستان:

هاوڵاتیان: 2,722,500
بازرگانی: 103,000

هەولێر:

هاوڵاتیان: 1,458,000
بازرگانی: 51,000

سلێمانی:

هاوڵاتیان: 976,500
بازرگانی: 38,000
دهۆک:

هاوڵاتیان: 288,000
بازرگانی: 14,000

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاوڵاتی  کە یەکسانە بەنزیکەی ٪40ی هاوڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

باسی لەوەش کردووە، بەپێی داتاکانی پڕۆژەی ڕووناکی،  ٪80ی هاوڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026, هەروەها جێگای باسە کە ناو سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP