هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٥ ) داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، یەکێک لە تەوەرەکان، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردرا بوو بۆ ئەوەی دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات، نووسراوەکەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکارێکی دیکەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، چاوەڕوان دەکرێت پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.