هەرێم نیوز
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت:" هاووڵاتییە ئەمریکییەکەی لە لالەزار دەستگیرکرا، لە ئاسایش راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێدەکرێت".
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن لە شەوی ڕووداوەکەی لالەزاردا لە 22-08-2025 دەستگیرکراوە و پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دوپشک).
وتیشی، وەکو کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
برایان ویڵسن، خەڵکی ویلایەتی ئۆھایۆی ئەمریکایە و سەربازێکی خانەنشین بووە لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا و لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا لە میانی گەردەلوولی بیابان دژی هێزەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق شەڕی کردووە.
لە ساڵی 2014ەوە چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ هێزەکانی یەپەژە ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە.