دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

وەقفی سوننی پەلاماردانی پێشنوێژێكی شاری بەغدا بەتاوان ناودەبەن

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ هەینی 12ی 9ی 2025، دیوانی وەقفی سوننە ڕایگەیاند، عەبدولسەتار قەرەغولی، ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی کەریم ئەلناسر لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا "تیرۆر کرا"، ئەوەش لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان مەلاکە و گرووپی سەلەفییەکانی "مەدخەلی" لەسەر وتاری هەینی.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی بەڕێوەچوونی وتاری هەینی لە مزگەوتی کەریم ناسر لە ناوچەی دۆرەی بەغداد چەند نوێژخوێنێک هەڵیانکوتاوەتە سەر شێخ عەبدولستار قەرەگۆلی کە وتاربێژی مزگەوتەکە بووە و بە زۆر هێناویانەتە خوارەوە و رێگایان نەداوە وتارەکەی تەواوبکات.

ئاماژەیان بەوەشکرد، وتاربێژی مزگەوتەکە نەخۆشی دڵی هەبووە، بەهۆی کاریگەریی ئەو دەمەقاڵێیەی روویداوە، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.
گیانلەدەستدانی ئەو وتاربێژە ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاوڵاتییان و کەسایەتییە ئاینییەکانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لای خۆیەوە دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاند، “ئەوەی روویدا تاوانێکی گەورەبوو، بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تاوانباران دەرچووە”.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ،  ڕاوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەهۆکاری ئەوەی بیروباوەڕ و چالاکییەکانیان هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا چالاکییەکانی ڕەوتی "مەدخەلی" قەدەغە بکات و وەک ڕەوتێکی زۆر مەترسیدار بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتیمانی لە قەڵەم دا، بەڵام دواتر بەگوێرەی نووسراوێكی نهێنیی دەزگاکە کە دزەی پێكرابوو، لە ناوەڕۆكی نووسراوەكە ئاماژە بەوە كراوە، ڕەوتی سەلەفیی مەدخەلی، لە چوارچێوەی جووڵانەوە و گروپە تووندڕەوەكان دەربهێندرێت.

ڕەوتی مەدخەلییەکان وەک ڕەوتێکی سەر بە سەلەفییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا پێناسە دەکرێن، مەدخەلییەکان خۆیان بە شوێنكەوتەی راستەقینەی ئیسلام دەزانن و هەموو بیروباوەڕەکانی دیکە دەخەنە دەرەوەی بازنەی موسڵمانی ڕاستەقینە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP