دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن

هەرێم نیوز 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق دەنگی لەسەر دوو بڕیار دا سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا. بەپێی ئەم رێککەوتنە نوێیە، سەرجەم ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، جگە لەو بڕەی پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆرەوە هەیە، تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ گل دەدرێتەوە بۆ پێداویستی ناوخۆ، باقییەکەی دیکە راستەوخۆ رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە دواین هەنگاوی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەمەش ئاراستەی لیژنەی ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوت کراوە بۆ پەسەندکردنی.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دوو بڕیار لەسەر نەوتی هەرێم دراوە:
یەکەم: پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە نەوتی خاو لەجیاتی پارە:
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت و لە بری ئەوە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

دووەم: رەزامەندی لەسەر گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان هەرێم، بەغدا و کۆمپانیاکان:
ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان – حکومەتی فیدراڵی عیراق – کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).
مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عیراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP