هەرێم نیوز
کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" ڕایدەگەیێنێت، عێراق دەتوانێت بڕێکی زیاتری نەوت هەناردە بکات دوای بەکارخستنەوەی بۆری جەیهان، ئۆپێک تەنیا ئاستی بەرهەمهێنان دیاری دەکات و پەیوەندی بە هەناردەوە نییە.
محەممەد عەدنان نەجار، نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ"، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، "مافی وڵاتانی ئۆپێکە داوای زیادکردنی پشکەکانیان بکەن، کاتێکیش کە پشک زیاد دەکرێت، پێویستە چەند شتێک لەبەرچاو بگیرێت، لەوانە: ئایا بازاڕی جیهانی توانای هەڵگرتنی بڕی زیادەی هەیە یان دەبێتە هۆی زیادە و بەمەش نرخەکان دادەبەزێنێت".
ئاماژەی بەوەکرد: "ئۆپێک تەنیا ئاستی بەرهەمهێنان دیاری دەکات و پەیوەندی بە هەناردەوە نییە، بەرهەمهێنان هەناردە و بەکاربردنی ناوخۆیی دەگرێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە "عێراق ئێستا لە کۆی 4 ملیۆن بەرمیل، ڕۆژانە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات."
نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک وتیشی: "عێراق دەتوانێت زیاتر لە بڕی ئێستا هەناردە بکات دوای بەکارخستنەوەی بۆری جەیهان و هەروەها پڕۆژەکانی بەسرە، دوای تەواوبوونیان دەتوانرێت ملیۆنێک بەرمیل زیاد بکرێت کە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی هەناردەکان."
ئەمەش لە کاتێکایە، دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و دوو ڕۆژ لە وەستانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 جارێكی دیكە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جەیهان دەستی پێكردەوە.
ڕۆژی 25ی 3ی2023، لەسەر سكاڵایەكی عێراق دادگەی نێودەوڵەتی بۆ نێوبژیوانی لە پاریس دۆسیەکەی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوە و هەناردەی نەوتی هەریمی كوردستانی وەستا.