هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی، کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جەیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 7 بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە لەمیانی وتارێکیدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 1700 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم ئەنجوومەنی قەشەکان لە کلێسای نیقیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی کرد و ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ "بەدەستکەوتێکی گەورە بۆ هەموو عێراق و کوردستان" ناوبرد
سەرۆکوەزیران ستایشی هەوڵەکانی واشنتنی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کرد و گوتی، "ئەمریکا پاڵپشتێکی گەورەی سەرخستنی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بوو".
هاوکات، لایخۆیەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگییەکی بەرز، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکانی نەوت و پشتگیری کردنی ئابووریی نیشتمان.