هەرێم نیوز
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران، لەلایەک نەوت دەڕوات و لەلایەکیش مووچە دێت.
وتیشی: هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەستكەوتێكی زۆر گرنگە، چونكە هەرێمی كوردستان چووە ناو هاوكێشەی نەوتی جیهانییەوە.
دەشڵێت: خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەسترا بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی عێراقیش زیاد دەكا و ئەو بیانووە نەما كە ئەوان تریلیۆنێك دینار دەنێرن و بڵێن لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان هیچمان ڕادەست ناكا، ئێستە سۆمۆ خۆی نەوت دەفرۆشێ و دەبێتە بەشێك لە داهاتی عێراقی فیدراڵ، لە بەرانبەردا مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێ و مووچەی مانگی 8ـیش دەدەن. ئێستا پابەندیی یاسایییان لەسەر خۆیان دروست كردووە، چونكە ڕیككەوتنەكە مولەزەمە بۆ هەردوولا، لەلایەك نەوت دەڕوا و لەلایەكی دیكەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بنێرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە، لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە دەستیپێکردەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەکە بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستی پێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا.
ڕاشیگەیاند، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگی، هەروەها بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی.