هەرێم نیوز
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق، وردەکاریی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدادی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە خستەرو و رایگەیاند، نەوتی کێڵگەکانی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
وەزیری نەوت جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە وەرگرتنی "سەرجەم نەوتی هەرێم" دەگرێتەوە و وتی: دوای پابەندبوونی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ناردنی نەوت گرفتی نەناردنی مووچە کۆتایی دێت و پێویستە بەزووترین کاتیش سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانکی بکەنەوە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.
عەبدولغەنی میکانیزمی رێککەوتنەکەی رون کردەوە و وتی: "لە پێشخابوور نەوتی هەرێم وەردەگرین و لەرێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت.
سەبارەت بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، وەزیری نەوت ئاشکرای کرد کە بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار وەک کرێی بەرهەمهێنان دیاری کراوە و جەختی کردەوە کە "شێوازی پارەدان بە کۆمپانیاکان بە کاش نابێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی خستەرو کە حکومەتی عیراق لە ئێستادا غاز هەناردەی دەرەوە ناکات.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، دواجار و دوای ڕێککەوتنێكی سێ لایەنە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا نێردرا.