هەرێم نیوز
هەرێم لەگەڵ بەغدا رێککەوت سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێلی تابلۆ هەرێم لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارو تۆماربکرێت.
بڕیاردر سەرپێچی هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هەڵگری تابلۆی شارەکانی هەرێمی کوردستانن و لە شارەکانی دیکەی عێراق سەرپێچی تۆمار دەکەن، بەهەمان شێوەی ئۆتۆمبێلی شارەکانی دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن.
هێمن ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای ژمارە 86ـی ساڵی 2004 دەکەین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی عێراق کار بە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2019 دەکات.
وتیشی: یاساکانمان جیاوازن و تا ئێستا یاسایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو عێراق نییە، ئێستا لە هەوڵداین بۆ یەکخستنی یاساکان و ئەفسەرانی ئێمەش ئەندامن لەو لیژنەیەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئەو کاتەی یاساکان یەکدەخرێن، بڕیاردراوە سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دابنرێت بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی ئۆتۆمبێلەکان. ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی هەرێمی کوردستانن و لە شارەکانی دیکەی عێراق سەرپێچی دەکەن، سەرپێچییەکانیان تۆمار دەکرێت و دەخرێتە ناو ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییەوە. بە هەمان شێوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی شارەکانی عێراقن و لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی دەکەن، سەرپێچییەکانیان تۆمار دەکرێت، هەرکەسێک مامەڵەی هەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، پێی دەوترێت کە لە فڵانە شار ئەم سەرپێچییەت ئەنجامداوە."
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ڕێنماییەکی گرنگی ئاراستەی شۆفێران کرد و وتی "کاتێک ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن یان ئاگرکوژێنەوە لە دواتەوە بوو، ڕێگاکەیان بۆ چۆڵ بکەن و مەترسن لە سزای کامێراکان، چونکە ئێمە لە بەشی کامێراکان بەشێکمان هەیە بە ناوی 'یەکەی چارەسەرکردن' کە لەوێدا ڤیدیۆکان پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و ئەگەر دەرکەوت سەرپێچییەکە بۆ ڕێگەدان بووە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، ئەوا سزا نادرێن."