هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دیدارێکدا لەگەڵ خاڤیێر میلی سەرۆکی ئەرجەنتین ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس بەڵێنەکەی بۆ داماڵینی چەک جێبەجێ نەکات، ئەوا ئەمریکا خۆی ئەو کارە دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێرێکدا سەبارەت بە دڵنیابوون لە چەکداماڵینی حەماس، ترەمپ وتی قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی گروپەکە کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە "چەک داماڵن". بەڵام هەڕەشەی ئەوەشی کرد: ئەگەر نەیکەن، ئێمە چەکیان لێ دادەماڵین و بە خێرایی و ڕەنگە بە توندوتیژی ڕووبدات.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتنی گەڕانەوەی بارمتەکان کرد و بە "زۆر گرنگ" وەسفی کرد، بەڵام حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ژمارەی بارمتەکان بە هەڵە ڕاگەیاندووە. ترەمپ لە درێژەدا ئاماژەی بە هەواڵەکانی کوژرانی چەند کەسێک لە لایەن هێزەکانی حەماس لە غەززە کرد و بە "ئەندامی گروپە تاوانکارییەکان" ناوی برد.