هەرێم نیوز
کۆمپانیای دانەگازی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای هیلال ئۆیل، توانیویانە پڕۆژەی پەرەپێدانی کێلگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بەر لە وادەی خۆی تەواو بکەن و بەم شێوەیەش بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 50٪ زیادی کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ڕایگەیاند، "لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەهێزکردنی سێکتەری وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، "دانە گاز" وەک گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هاوبەشی لەگەڵ "نەوتی هیلال"، کە یەکەم کۆمپانیای تایبەت لە بواری گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکەیە، دەستپێکردنی فرۆشتنی گازی سروشتی لە پڕۆژەی فراوانکردنی "کۆرمۆر250" لە کێڵگەی کۆرمۆری هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
دانەگاز جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم پڕۆژەیە هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی تەواو کرا، کە بەڵگەی پابەندبوونی قایم و توانای جێبەجێکردنی هاوبەشەکانی پترۆڵی پەرڵە"
لە ڕاگەیاندراوەکەی دانەگازدا هاتووە: " ئەم فراوانکردنە ڕۆڵی دەبێت لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی وزە و پشتگیریکردنی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، بەمەش دەستپێشخەریی حکوومەتی هەرێم بەناوی "پرۆژەی ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بەهێز دەکات، هاوکات دابینکردنی وزە بۆ باقیی ناوچەکانی عێراق باشتر دەکات".
دانەگاز ئاشکراشی کردووە "پڕۆژەی "کۆرمۆر250" توانای پڕۆسێسکردنی گازی بە ڕێژەی 250 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی ڕۆژانە زیاد دەکات، کە گەشەکردنێکی بەرچاوی 50%یە بەسەر توانای ئێستادا. بەمەش، کۆی گشتیی توانای کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە 750 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی ڕۆژانە. ئەم زیادبوونە لە توانادا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی خواستە بەخێرایی گەشەسەندووەکانی کارەبا لە عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دابینکردنی بڕێکی زۆر گازی سروشتیی پاکەوە."
کۆی گشتی وەبەرهێنانی پڕۆژەکە گەیشتە 1.1 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بە پشتیوانی دارایی لە بانکی شارجە و دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی ویلایەتە یەکگرتووەکان (DFC). پڕۆژەکە لە لووتکەیدا زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دابین کردووە و زیاتر لە 6,000 تۆن پۆڵا و زیاتر لە 6.2 ملیۆن کاتژمێر کاری بۆ تەرخان کراوە؛ بەمەش بووەتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخان کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراون.
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەوتی هیلال و ئەندامی کارگێڕیی دانەگاز، جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەکە کردەوە و وتی: "تەواوکردنی پڕۆژەی کۆرمۆر250 پێش وادە، دەستکەوتێکی مێژووییە و نیشانەی پابەندبوونی ئێمەیە بە پەرەپێدانی سەرچاوە وزەییەکانی هەرێم و دابینکردنی وزەی پاک و بەردەوام."
لەلایەکی ترەوە، ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە گاز، سوپاسی شێوازی کاری ڕاستەوخۆ و هاوکاریی نێوان هەردوو کۆمپانیاکەی کرد کە بووە هۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکە و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان".