دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق دەست دەکات بە ئامادەکردنی بودجەی 2026

هەرێم نیوز

بڕیارە لەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق، دەست بكات بە ئامادەكاری بۆ بودجەی ساڵی 2026، لە هەمان كاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت پشكی راستەقینەی خۆی دیار بێت، ئەمەش جگە لە مووچەی پارەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وه‌زیرانی عێراق  له‌ لێدوانێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "بەپێی یاسای هەموارکراوی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6ی ساڵی 2019)، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بەردەوامە لە ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2026".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بەهۆی خولی داهاتوی پەرلەمانەوە نەتوانرێت لەماوەی دیاریکراوی دەستوری یان یاساییدا یاسای بودجه‌ پەسەند بکرێت، حکومەت لە ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 1/12ی خەرجییە ڕاستەقینەکانی ئێستا بۆ ساڵی 2025، لەوانەش خەرجکردنی پڕۆژە وەبەرهێنانە بەردەوامەکان، پابەندبونە دەرەکییەکان و خەرجییە شایستەییەکانی دیکە جێبه‌جێ ده‌كات".

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی سودانی باسی له‌وه‌كردوه‌، "چالاکی دارایی بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردن لە ڕێگەی ئەو بڕگانەی خەرجییەوە کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیدا دیاریکراون تاوەکو بودجەی ساڵی 2026 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند دەکرێت، لەوکاتەدا، تەرخانکردن ئازاد دەکرێت بۆ هەر چالاکیەک کە گەشەی ئابوری و گەشەپێدانی بەردەوام پێویستی پێیەتی، لەوانەش پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ و پابەندبونە سەرهەڵداوەکانی دیکە".

ئەمەش لە کاتێکدایە،  حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و دواین سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دراوە، داوای پشكی خۆی دەكات نەك تەنیا مووچە، ئەوەیش پارەی مووچە و بودجە و پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێنان لە خۆ دەگرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکان،  بەمنزیكانە شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پرسە دەچێتە بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ دەكەن و پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن یەكەم دانیشتن و گفتوگۆ ئەنجام دەدرێت.

بەپێی دواین سەرژمێری دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 15%ی عێراق پێك دەهێنن، بەڵام بە درێژایی مێژوو تا ئێستە عێراق یان پشكی نەنادرووە یان ناردبێتی كەمتر لە 12% بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP