دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسروور بارزانی: ئەگەر ئیرادەو کەسانی دڵسۆز هەبن، هیچ شتێک مەحاڵ نییە

هەرێم نیوز

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە و ڕایگه‌یاند، ئەگەر ئیرادەو کەسانی دڵسۆز هەبن، هیچ شتێک مەحاڵ نییە. 

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی جوتسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژەکە ئاسانکاری هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی و ڕاپەڕین دەکات.

مەسرور بارزانی، لە وتارەکەیدا داوای لە هاووڵاتییان کرد ژینگە بپارێزن، جەخیشکردەوە کە ئەوانەی ژینگە پیس دەکەن دەبێت سزا بدرێن.

وتیشی : کردنەوەی پڕۆژەکە ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە.

باسی لەوەشکرد:ئەم پڕۆژە نایابە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، وتیشی، ئەگەر ئیرادەو کەسانی دڵسۆز هەبن، هیچ شتێک مەحاڵ نییە.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، دروستكردنی تۆڕێکی ڕێگە و بان لەم ناوچەیە، هەموو ئەو دەڤەرە جوان و خۆشانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەم دووسایدەی كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسووڕێتەوە،بە شێوازێكی زۆر جوان و سەردەمیانە دروست دەكرێ كە خەڵك هەم بتوانن بە دەوری دەریاچەكەدا بسووڕێنەوە، هەم بتوانن سەردانی ئەو شوێنانەش بكەن كە لە داهاتوودا لەم ناوچەیەدا دروست دەكرێن .

ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بە ستانداردێکی بەرز، كە پانی هەر ئاراستەیەکی 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت، تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 210 ملیار دینارە و لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیی جێبەجێ کراوە.

لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، ژمارەیەک بنیا‌دی ئەندازەیی گرنگ دروست کراون، لەوانە، شەش ژێرپرد، سێ بەرزەپرد، 70 ئاوبەری سندووقی، هەروەها دیواری پاڵپشت و پەرژین و تەواوی هێماکانی هاتوچۆ بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دانراون.

ڕێگاکە بە سێ چین قیرتاو کراوە و نزیکەی 300 هەزار تۆن قیر بۆ ڕێگەکە بەکار هێنراوە، کە چینی کۆتایی ماددەی پۆلیمەری تێدا بەكار هێنراوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ڕێگاکە.

هەروەها لەم پرۆژەیەدا، 600 ئامێری جۆراوجۆر و 2000 کارمەند و کرێکاری خۆماڵی تێیدا بەشداربوون، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای كارمەندی ناوخۆیی.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە، کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسوڕێتەوە و لە ئاییندەدا دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەبێت.

ڕۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وتی: ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستى کرێکارى خۆماڵى لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ دروستكراوە و بڕیارە بەڕووی شوفێران و هاووڵاتییان بكرێتەوە .

پێش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی دروستکردنی ئەم پرۆژەیە ڕابگەیەنێت، ڕێگەکە یەکساید و تەسک بوو، جگە لە چاڵ و کۆسپەکانی رێگەکە، بەهۆی باران و بەرزبوونەوەی ئاوی سماقووڵی ڕێگەکە دادەخرا، بەڵام ئێستا  کراوەتە دوو ساید و ستانداردی نێودەوڵەتی و هەموو پێوەرێکی هاتوچۆ و قەرەباڵغی و فشاری سەر ڕێگەکە لەبەرچاو گیراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP