دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

خامنەیی بۆ ترەمپ: هەر بۆخۆت خەون ببینە

هەرێم نیوز 

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مڕۆ دوشەممە بانگه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە شوێنە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی وێران کراون، وتی،  "بەردەوام بە لە خەون بینین".

عەلی خامنەیی لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بە ترەمپی وتوە "سەرۆکی ئەمریکا شانازی بەوە دەکات کە پیشەسازی ئەتۆمی ئێرانی بۆردومان کردوە و لەناوبردوە، بەردەوام بە لە خەون بینین".

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئه‌مساڵ، ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی بێوێنەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کورت بەشداریکرد و هێرشی کردە سەر دامەزراوە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

هەفتەی ڕابردو لەمیانی وتارێکدا لە کنێستی ئیسرائیل، ترەمپ "سڕینەوەی" شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەکاتی هێرشەکاندا پشتڕاستکردەوە، وتی، "ئێمە 14 بۆمبمان خستە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، بە تەواوی وەک وتم لە سەرەتادا سڕانه‌وه‌، ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە".

لە چاوپێکەوتنێکی یەکشەممەدا لەگەڵ فۆکس نیوز، ترەمپ هەروەها وتی، ئێران "چیتر نابێته‌ چەوسێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دوای هێرشەکانی ئەمریکا کە "توانای ئەتۆمییان لەناوبرد"، هه‌روه‌ها بە "جوانترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی" ناویبرد.

پنتاگۆن ڕایگەیاندوە، هێرشەکان بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لە نێوان ساڵێک بۆ دو ساڵ دواخستوە، ئەوەش پێچەوانەی ڕاپۆرتێکی سەرەتایی هەواڵگریی نهێنی ئەمریکایە کە بەپێی میدیا ئەمریکییەکان دەرکەوتوە کە پاشەکشەکە تەنها چەند مانگێک بوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP