هەرێم نیوز
پەرلەمانی تورکیا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەندكرد، سەرەڕای ناڕەزایی و رەتكردنەوەی بڕیارەكە لەلایەن پارتی یەكسانی و دیموكراتی (دەم پارتی) و پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە).
بەگوێرەی رەزامەندی پەرلەمان، جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە هەردوو وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و لە 30ی ئۆکتۆبەرەوە دەستپێدەکات.
لە چەند رۆژی رابردودا، سەرۆكایەتی كۆماری توركیا یاداشتنامەیەكی بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەكان لەناو خاكی سوریاو عێراق بە بیانوی بوونی مەترسی بەردەوام بە درێژایی سنورەكانى باشوری توركیا كە هەڕشە لەئاسایشی نیشتمانی دەكەن.
درێژكردنەوەی ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە، ماوەی ساڵێك زیاترە پرۆسەی چارسەرەى لە نێوان توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان دەستیپێكردووەو پێكدادانە سەربازییەكانیش بە تەواوی راگیراون.
پێشتریش گولستان كلیچ، جێگری سەرۆكی گروپی پەرلەمانیی دەم پارتی راگەیاند، پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ پێشکەشكردنی داواكاری درێژكردنەوەی ماوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بە پەرلەمان لەگەڵ یەك ناگونجێن، ئەمە رەنگدانەوەی رۆحی پرۆسەکە نییەو دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراسیانەیە.