دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ دانوستانەکانی ئەفغانستان و پاکستان لە ئیستانبوڵ بەرێوەدەچێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی 11ی 2025، دانوستانی ئەفغانستان و پاکستان، لە تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەمەش بۆ ڕێگرییکردنە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادان و ناکۆکی، کە لە مانگی ڕابردوو دەیان کەس بەهۆیەوە کوژران.

تورکیا ڕایگەیاندووە لەگەڵ قەتەر نێوەندگیریی لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم کۆبوونەوەیەدا "میکانیزمێکی چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئاشتی و جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر ئەو لایەنەی کە پێشێلی دەکات" پەیڕەو دەکرێت.

ئەفغانستان و پاکستان لە 19ـی تشرینی یەکەمدا، لەسەر ئاگربەست لە قەتەر ڕێککەوتن، بەڵام هەفتەی ڕابردوو لە ئیستانبوڵ بەهۆی هەندێک وردەکاریی ئاگربەستەکە ڕیککنەکەوتوون.

هەردوو وڵات یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە نیازیان لە دانوستانەکان خراپە، هۆشداریشیان داوە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، دووبارە جەنگ سەرهەڵداتەوە. تاوەکوو ئێستاش ڕوون نییە ئایا شاندی نوێ ڕەوانەی ئیستانبوڵ دەکرێن یان نا.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی یەک هەفتەی جەنگدا لە دیوی سنووری ئەفغانستان 50 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 447 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە کابولیش لانی کەم پێنج کەس کوژراون.

سوپای پاکستانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی ئەفغانستاندا، 23 سەربازییان کوژراوە و 29ـی دیکەش برینداربوون.

ئیسلام ئاباد، کابول بەوە تۆمەتبار دەکات کە گرووپە "تیرۆریستی"یەکان لە دژی پاکستان داڵدەدات، بەتایبەتی تاڵیبانی پاکستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP