هەرێم نیوز
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە پێشوازی لە شاندی ئیمڕاڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM Parti) کرد. ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا بوو لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسە دیپلۆماسییە نهێنییەدا کە ئامانجی لێی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانە سەبارەت بە پرسی ئاشتی.
سێیەمین دیدار بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا
 
شاندەکەی دەم پارتی، کە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان، و پەرلەمانتاری شاری ئورفا،میتهەت سانجار، پێکهاتبوون، بۆ نزیکەی یەک کاتژمێر لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە. گرنگی ئەم دیدارە لەوەدا بوو کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (MİT)، و ئیفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، کە ئەمەش ئاماژە بە هەستیاری و ئاستی بالای دۆسیەکە دەدات.
پێش کۆبوونەوەکە، پەروین بوڵدان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "لە قۆناغێکی مێژووییدا دەژین و ئێمە بۆ ئەوە لێرەین تا لەسەر ئەو هەنگاوانەی پێویستە بۆ پڕۆسەی ئاشتی بنرێن، ڕاوێژ بکەین."
گومانەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کاتی کۆبوونەوەکە
کات و ساتی ئەم کۆبوونەوەیە بووەتە مایەی مشتومڕ لە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا. میدیا ئۆپۆزیسیۆنەکان و لایەنە ناسیۆنالیستەکان بە گومانەوە سەیری ئەم هەنگاوە دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو گرژییانەی ئەم هەفتەیە لە نێوان ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیست (MHP) دروست بوو.
ڕۆژنامەکانی وەک سۆزجو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی وەک "کارتێکی فشار" بەکاردەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی باخچەلی، کە بەشدارینەکردنی لە پێشوازیی ٢٩ی تشرینی یەکەمدا نیشانەی ناڕەزایەتییەکی توند بوو.
ئەم میدیایانە دەپرسن: ئایا ئەردۆغان بەدوای پشتیوانی دەم پارتیدا دەگەڕێت بۆ پڕۆژەی دەستووری نوێ، وەک جێگرەوەیەک بۆ دەرچوونی MHP لە هاوپەیمانییەکە؟
میدیای وەک بیرگون و T24، سەرەڕای پشتیوانیکردنیان لە گفتوگۆکان، گومانیان هەیە لە دروستبوونی چارەسەرێکی ڕاستەقینە، لە کاتێکدا فشارە یاساییەکان لەسەر سیاسەتمەدارانی کورد بەردەوامن.
شیکەرەوەیەکی تورکی دەڵێت: "کاتێک کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئامادەی کۆبوونەوەکەیە، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەنها گفتوگۆی سیاسی نەکراوە، بەڵکو میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانیش گفتوگۆی لەسەر کراوە. بەڵام هەتا ئەردۆغان وەڵامی باخچەلی نەداتەوە، ئەم پڕۆسەیە لەنێوان ململانێی ناوخۆیی و ئامانجی چارەسەری ڕاستەقینەدا دەمێنێتەوە."
داهاتووی پڕۆسەکە
دیدارەکە بە شێوەیەکی گشتی وەک پەرەسەندنێکی ئەرێنی بۆ دیپلۆماسیی ناوخۆیی سەیر دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کاردانەوەی فەرمی تر لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و هاوپەیمانەکەی (MHP) ببینرێت، کە ڕەنگە ڕێڕەوی ئەو پڕۆسە نهێنییەی نێوان ئەنقەرە و سیاسەتمەدارانی کورد ڕوونتر بکاتەوە.
دەم پارتی چی دەڵێت
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیە لە کۆشکی سەرۆکایەتی، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە کە تێیدا پوختەی قسەکانی پەروین بوڵدان و میتهەت سانجار ئاشکرا کرا. ئەم لێدوانانە ئاماژە بەوە دەدەن کە جۆرێک لە "ڕێککەوتنی بنەڕەتی" لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگەکە بەدەست هاتووە.
پەروین بوڵدان وتی: "کۆبوونەوەکە زۆر پڕ مانای و گرنگ بوو. ئێمە لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی پڕۆسەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر هەنگاوە پێویستەکان."
میتهەت سانجار ڕایگەیاند: "ئێمە پێشنیارەکانمان و هەڵسەنگاندنەکانمان سەبارەت بە ڕەوتی پڕۆسەکە و قۆناغی ئێستای خستەڕوو. پێمان وایە ئەمە دیدنێکە کە ئەنجامێکی باش و خێری لێ دەکەوێتەوە."