هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوەی بە بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ سلێمانی دابین کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە،  بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن کە توانای گەیشتنی بە بەرزی 100 مەتر هەیە، لە هەولێرەوە ڕەوانەی سلێمانی کرا و بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی.
ئەم ئۆتۆمبێلە کە لە جۆری سۆکەیگ  (Socage)ـی ئیتاڵییە، بە یەکێک لە پێشکەوتووترین ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانە بەرزەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان.
لەسەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای هەولێر، دوو ئۆتۆمبێلی هاوشێوە کڕدراون، کە یەکێکیان بۆ پارێزگای هەولێر و ئەوی دیکەیان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی دیکەش لەسەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای دهۆک بۆ بەرگری شارستانی دهۆک دابینکراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگات.
گرێبەستی کڕینی ئەم سێ ئۆتۆمبێلە لە 24ی تشرینی یەکەمی 2023 واژۆ کراوە و کۆی گشتی تێچووی کڕینیان شەش ملیۆن و 750 هەزار یۆرۆ بووە.
گەیشتنی ئەم ئۆتۆمبێلە پێشکەوتووە، تواناکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەلامەتی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.