هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی لە بانگەشەی حزبەکەی لە دهۆک رایگەیاند، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە، دەشڵێت، ئێستا عێراق ئارامە و کاتیەتی پارتی لە بەغدا کاربکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی، پارتی دەیەوێت زیاتر لە بەغدا بەهێزتر بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 04ـی 11ی 2025، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی؛ کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی لە یاریگای وەرزشیی دهۆک بەڕێوەدەچێت.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: ئێستا عێراق ئارامە و کاتیەتی پارتی لە بەغدا کاربکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی، پارتی دەیەوێت زیاتر لە بەغدا بەهێزتر بێت، بۆیە ئێوە وابکەن کاندیدانی پارتی بچنە بەغدا، تاوەکوو مافەکانتان بەدەستبهێنن.
دەشڵێت: لەوەتەی پارتی لەسەردەستی بارزانی نەمر دروست کراوە، تاوەکوو ئەمڕۆ، یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی گەلی کوردستان بووە، ئێوە ئامانجی سەردەی گەورە بارزانی بوون، بۆ ئەوەی میللەتی ئێمە بەسەر بەرزی و ئازادی لە خاکی خۆیان بژین.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە کاتی وەڵامدانەوەی ناحەزان و نەیارانمان نییە، نابێت خۆمان بێنینە ئەم ئاستە، ئێمە دەمانەوێت کار و ئاوەدانی کوردستان ببێتە وەڵام بۆ ناحەزانی پارتی. ئێمە وەڵامی هیچ کەسێک نادەینەوە، چونکە خەڵکی کوردستان ڕاستی پارتی و ئەوان دەبینن.