دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی چینی لە ئەفسەرانی قەدەغە دەکات

هەرێم نیوز 

سوپای ئیسرائیل بە پشتبەستن بە فەرمانی ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەكەی دەستیکردوە بە وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چین لە ئەفسەرانی، بەهۆی "نیگەرانی ڕاستەقینە لە دزەپێکردنی زانیاری هەستیار یان سیخوڕیکردن لە ڕێگەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە".

سوپای ئیسرائیل، لە هەنگاوێكی نوێدا بڕیاریدا بە سنورداركردنی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینی لەلایەن ئەفسەرانیەوە، دوای ئەوەی پێشتر قەدەغەی كردبو كە ئەو ئۆتۆمبێلانە بچنە  ناو بنکە سەربازییەکانەوە.

بەگوێرەی بڕیارەكە، لە قۆناغی یەکەمدا ئۆتۆمبێلەکان لەو ئەفسەرانە وەردەگیرێتەوە كە پۆستەكانیان هەستیارە یان ئەوانەی بەرکەوتەی زانیارییە ئەمنییە هەستیارەکانن. قۆناغی دوەمیش هەمو ئەفسەرەکان لەخۆدەگرێت و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 هەڵمەتەکە کۆتایی پێبێت.

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" بڵاویكردەوە، بڕیارەكە دوای ئەوە دراوە کە دەزگا ئەمنییەکان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە "نیگەرانی ڕاستەقینە لە دزەپێکردنی زانیاری هەستیار یان سیخوڕیکردن لە ڕێگەی سیستەمی ئۆتۆمبێلەكانەوە هەیە".

سوپای ئیسرائیل، پێشتر ئۆتۆمبێلی چینی دابوە بەرپرسانی سوپا كە زۆربەیان لە جۆری چێری بوە، بەتایبەت بۆ ئەو ئەفسەرانەی كە خێزانەكانیان گەورەن، بەڵام بڕیارە 700 ئۆتۆمبیل وەربگرێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە سیستەمێك تەیاركراون كە كامێرا، هەستەوەر و تەكنەلۆجیای پەیوەندی لەخۆدەگرێت و زانیاری دەگوازنەوە بۆ سێرڤەری دەرەكی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP