هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە 450 ملیۆن دینار پشتوانی دارایی یانەی نەورۆز بكات، كە لە ئێستادا بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕیت.
دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت.
ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.
یانەی نەورۆز، خاوەنداری بۆ لاهور شێخ جەنگی دەگەڕیتەوە و لە دوای ڕوداوەكانی لالەزارەوە ڕوبەڕوی چارەنوسێكی نادیار بوەتەوە، كە بەوتەی پارێزەرەكەی لاهور شێخ جەنگی، "دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆلار لەكاتی ڕوداوەكەدا دیارنەماوە"، و لەیان هێزەکانی یەکێتیەوە براوە و سەرۆكی یانەكە داوایكردوە بۆیان بگەڕێننەوە. تا ئێستا یەکێتی هیچ وەڵامێکی لەبارەی دیارنەمانی پارەکەوە نەداوەتەوە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.