دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرزیی و پێگەی کورد لە کرێملین: ڤلادیمیر پوتین میدالیای پوشکین دەبەخشێتە زانای کورد، پ. د. ڕەشاد میران

هەرێم نیوز

لە ڕۆژێکی مێژوویی و جەژنی نیشتمانیدا، کۆشکی کرێملین بووە شوێنی ڕێزگرتنێکی تایبەت لە کەسایەتییەکی دیاری کورد: پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەشەد میران. لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا کە هاوکات بوو لەگەڵ "ڕۆژی یەکگرتوویی نیشتمانی" لە ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، میدالیای ئەلێکساندەر پوشکینی بەخشییە ئەم زانا و کۆمەڵناسە ناسراوەی کورد، کە پێشتر لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

د. ڕەشاد میران، کە پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسی و ئێتنۆگرافییە، بەم شێوەیە بووە یەکەمین کوردی ئەم خەڵاتە بەنرخە وەربگرێت، کە لە ساڵی 1999ەوە دەدرێتە ئەو کەسایەتییانەی خزمەتێکی گەورەیان بە پەرەپێدان و پاراستنی کولتوور، هونەر و زانستە مرۆڤایەتییەکانی ڕووسی کردووە.

لە گوتارەکەیدا، پ. د. ڕەشەد میران تەنها سوپاسگوزاریی خۆی دەرنەبڕی، بەڵکو وەکو زانایەکی کۆمەڵناس و چالاکوانێکی سیاسی دێرین، داوایەکی ڕاشکاوانەشی ئاراستەی سەرۆکی ڕووسیا کرد:
"من وەک ئێتنۆگرافەرێک کە هەمیشە هەوڵم داوە پشتگیری لە پەیوەندییە دوورودرێژ و بەهێزەکانی کوردستان و ڕووسیا بکەم، داواتان لێ دەکەم هاوکاری زیاتری گەلی کورد بکەن، بەتایبەتی لە دابینکردنی کەرەستەکانی فێربوونی زمانی ڕووسی، بۆ پاراستنی پەیوەندییە کولتووریی و زمانەوانییەکانی نێوانمان."

ئەم داوایە ئاماژەیەکی قووڵی پێ بوو کە هێشتا پەیوەندی کولتووری و زانستی دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ داواکاری سیاسی و مرۆیی. میران لە کۆتاییدا بە هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی سوپاسی پووتینی کرد، کە ئەمەش کاریگەرییەکی تایبەتی هەبوو.

شایەنی باسە کە پ. د. ڕەشەد میران جگە لە پێگەی ئەکادیمییەکەی، خاوەنی مێژوویەکی درێژی تێکۆشانی سیاسییە؛ ئەو یەکێک بووە لەو چالاکوانە دیارانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵانی حەفتاکان، تەنانەت لەگەڵ شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی دەستگیرکراوە.

ئەم خەڵاتە نیشانەیەکە لە پێزانینی ڕۆڵی کورد لە بوارە زانستی و کولتوورییە نێودەوڵەتییەکاندا.

د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ، ئەم کارەی بە "کارێکی گرنگ و مێژوویی" وەسف کرد و سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر کرد، بۆ هاوکارییەکانی لەم پڕۆسەیەدا.

خەڵاتی پوشکین چییە؟

 
میدالیای پوشکین، کە بە ناوی ئەلێکساندەر پوشکین، شاعیری گەورەی ڕووسی، ناونراوە، یەکێکە لە خەڵاتە دەوڵەتییە باڵاکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا و بەو کەسایەتییانە دەدرێت کە لە دەرەوەی ڕووسیا خزمەتێکی گەورەیان بە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕووسی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP