دواین هەواڵ

جیهان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای ئیسرائیل: ئێران بەنهێنی و بەهاوکاری ڕووسیا پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی خۆی گەشەپێدەدات

 هەرێم نیوز

ماڵپەڕی هەواڵی ئیسرائیلی وای‌نێت (Ynet) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە یارمەتی نهێنی و شاراوەی ڕووسیا، خەریکی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای لەیزەر و مۆدێلسازی (Modeling)یە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دیزاینی چەکی ئەتۆمی بەبێ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە. ئەم ڕەوتە نوێیە چاودێری نێودەوڵەتی زۆر دژوارتر دەکات.


لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە شاندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجیای سەربازیی ڕووسیایان کردووە کە لەژێر گەمارۆکانی ئەمریکادایە.


ئامانجی ئەم هاوکارییە، تەواوکردنی قۆناغی کۆتایی دیزاینکردنی چەکی ئەتۆمییە.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە تاران بە یارمەتی ڕاستەوخۆ و شاراوەی حکومەتی ڕووسیا، پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بە شێوەیەکی نهێنی و خێراتر بەرەوپێش دەبات.


وای‌نێت ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هاوکارییەی نێوان ئێران و ڕووسیا دەتوانێت کاتی گەیشتنی تاران بە توانای ئەتۆمی کورت بکاتەوە.

ئەم تەکنەلۆجیایە ڕێگە بە زانایان دەدات کە چۆنێتی کاری چەکی ئەتۆمی لە ژینگەیەکی کۆمپیوتەریدا تاقی بکەنەوە (بە شێوەی مۆدێل)، بەبێ ئەوەی پێویستییان بە تەقاندنەوەی چەکی ڕاستەقینە هەبێت. ئەمە پێشکەوتنێکی گەورەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) بە ئاسانی نەتوانێت چاودێری بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە و پابەندە بە پرۆسەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP