هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی خەریکی کۆتاییهێنانە بەو بەڵگەنامە و قۆناغانەی کە پێویستن بۆئەوەی ئیخوان موسلمین بخەنە "ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان" (FTO)ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە «بە توندترین ئاستی گونجاو» جێبەجێ دەکرێت.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ «جەست زە نیوز» ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە کۆتایی و ئیلزامی دەبێت.
ئەم هەڵوێستە دوای زیادبوونی فشارەکانی هەندێک لە ئەندامانی کۆماریخوازی کۆنگرێس دێت، کە داوای هەنگاوی کردەیی زیاتر دەکەن دژی ئیخوان موسلمین. لە بازنەکانی پارێزگارانی ئەمریکادا، ئەم گرووپە بە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی توندڕەوی دادەنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، خستنە لیستی FTOی ئیخوان موسلمین، لێکەوتەی جددی و فراوانی دەبێت. ئەم هەنگاوە، یەکەم، ڕێگری لە هاتنی هەر سەرچاوەیەکی دارایی ئەمریکی بۆ چالاکییە پەیوەندیدارەکانی ئەم گرووپە دەکات.
دووەمیش، هاتنی ئەندامە ناسراوەکانی ئەم گرووپە بۆ ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەدەغە دەکرێت.
شایەنی باسە، بابەتی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلمین لە سەردەمی حکومەتەکەی ترەمپدا، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩دا خرایە ڕوو.
لەو کاتەدا، ئەم گرووپە ئیسلامییە دێرینە بە ڕەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، ڕایگەیاندبوو کە پابەندە بە چالاکیی سیاسیی ئاشتیانە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ، هەنگاوی کۆتاییە لەسەر ڕێگای داواکاریی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ئەمریکا وەک میسر، کە ئیخوان موسلمین بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن.