هەرێم نیوز
بارزانی پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی ئیمارای لە هەولێر کرد و هەردوو لا جەختیان لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئیمارات کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بارزانی، لە پیرمام، پێشوازیی لە بەڕێز 'ئەحمد حەسن ئەحمد سلێمان شەحی' کونسوڵی گشتیی نوێی ئیمارات لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ئیماراتی بە بارزانی گەیاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەت گەلی عێراقدا بیت.
هەروەها کونسوڵی گشتیی ئیمارات، ستایشی پێشکەوتن و بوژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕاگەیاند "وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات."
بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی ئیماراتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابی و دۆستانەیان بەرانبەر بە ئیمارات هەیە و پێشوازیی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد.
پێشهات و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.