هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی لەبارەی لێدوانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
دەقی پەیامەکەی وتەبێژی بارەگای بارزانی:
وەڵامێک بۆ لێدوانەکەی باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.
قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک
ڕووینەداوە.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
وتەبێژی بارەگای بارزانی
2ی کانوونی یەکەمی 2025