دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم بڕی ( 117 ملیار دینار )ـی دیكە بۆ دووسایدی هەولێر - كۆیە تەرخان دەکات

هەرێم نیوز 

بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکومەت ( 117 ملیار دینار )ـی دیكە بۆ دووسایدی هەولێر - كۆیە تەرخان دەكرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە تەرخانکردنی گوژمەی (117 ملیار دینار) بۆ جێبەجێکردنی 8 کیلۆمەتری بەشی کۆتایی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، بە جێبەجێكردنی ئەم قۆناغە، ڕێگاکە دەگاتە ناوشاری کۆیە و دەبەسترێتەوە بە شەقامی 60 مەتریی شارەكە کە بڕیارە لە داهاتوودا دروست بکرێت.

 ئەم بەشەی ڕێگاکە کە تەواوکاریی ڕێگای هەولێر - کۆیە بەرەو سلێمانی دەبێت، بە هەمان ڕەوش و پێوەری بەرزی ئەندازیاری جێبەجێ دەکرێت، بەجۆرێک هەر سایدێکی سێ لەین دەبێت و بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتیانیش چەندین بەرزەپرد لەخۆ دەگرێت.

ڕێگای كۆیە - هەولێر، بە شادەماری ڕێگاكانی كوردستان دادەندرێت و پڕۆژەیەكی ستراتیژیی کەرتی ڕێگاوبانە. ئەم ڕێگایە پایتەختی هەرێمى كوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان، هەروەها لە هەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دهۆك درێژ دەبێتەوە.

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى، بە گوژمەی گشتیی (560 ملیار و 446 ملیۆن دینار) پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە دەستی پێ کردووە و لە ئێستادا نزیکەی 30%ی کارەکانی تەواو بووە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، جگە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هاتوچۆ، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP