دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

رێککەوتنى هەسەدە و دیمەشق کۆتایی دێت و تورکیاش خۆی بۆ هێرش ئامادەکردووەح

هەرێم نیوز

جارێکی دیکە تورکیا فشارێکی نوێى خستەوە سەر -هێزەکانى سوریاى دیموکرات- کە پایەى سەرەکی ئەم هێزە یەکینەکانى پاراستنى گەلەو بە ئاشکرا رایاگەیاندووە خەریکە جامی ئارامییان پڕدەبێت و ئەگەر نەچنە نێو سوپاى سوریاوە ئەوا ناچارن رێگەیەکی دیکە بگرنە بەر، راشیانگەیاندووە پێیان خۆش نییە راستەوخۆ هێز بەکاربهێنن لە دژیان مەگەر ناچار بکرێن.

لەو میانەیەدا سەلجوق بەیرەقدار ئۆغڵۆ سوپاسالار (سەرۆک ئەرکانی سوپا)ـى تورکیا بە هاوشانى بەشێک لە هێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى چوونەتە دیدار و بەسەرکردنەوەى هێزەکانیان لەسەر سنوورى وڵاتى سوریا، هاکان فیدانى وەزیری دەرەوەش رایگەیاندووە دەبێت رێکخراوى هەسەدە (تیرۆریستى)ـى ئەوە باش بزانێت خەریکە ئارامیمان بەسەر دەچێت، دەشڵێت دەبێت پابەندبن بەو رێککەوتنەى کە لە 10ـى ئازاری پێشوو لەگەڵ حکومەتى سوریا واژۆیانکردووە و دواى نەخەن .

رۆژى پێنج شەممەى پێشوو هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایانگەیاند، نامانەوێت جارێکی تر هێزی سەربازیی لە سوریا بەکار بهێنینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئارامگرتنیش سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، ئێمە هیوامان وایە چەکدارانى هەسەدە بچنە نێوسوپاى سوریاوە و کێشەکانیان بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بکەن.

فیدان لەگەڵ باڵێۆزی ئەمریکی لە ئەنکەرە و نوێنەرى تایبەتى ترەمپ بۆ سوریا لە ساڵڕۆژى کەوتنى بەشار ئەسەد و کۆتایی دەسەڵاتەکەى لە دیمەشق گفتوگۆى تایبەتیان کردووە، سەرچاوە تورکییەکانیش بڵاویانکردووەتەوە هەردوولا کۆکن لەسەر یەکپارچەیی خاکى سوریا و بە پێویستیان زانیوە رێککەوتنەکەى مانگی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە تیایدا هاتووە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنى کۆتایی ئەمساڵ و مانگی کانوونى دووەمە.

فیدان چەند جارێکە هەسەدە تاوانبار دەکات بە راکردن لە جێبەجێکردنى ئەو رێککەوەوتنە و ئاماژەى بەوە کردووە کە ئیسرائیل لە پشت ئەو بارودۆخەوەیە! بە ئاشکرا رایگەیاندووە هەسەدە دوو رێگەى لەبەردەمدایەو سێیەمی نییە، یان ئەوەیە خۆیان هەڵبوەشێننەوە یان بچنە نێو سوپاى فەرمی حکومەتى سوریاوە.

لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەى فیدان دا گوتوویەتى : رێگە نادەین تیرۆر ببێتە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنەکانى سوریا، گوتوشیەتى تورکیا لەگەڵ ئەمریکا کۆکە بۆ دژایەتیکردنى داعش و رێگە نادرێت هیچ رێکخراوێکی تیرۆرستى ببێتە لەبەردەم حکومەت و گەلى سوریا.

هەر لەو میانەیەدا زەکی ئاکتورکى گوتەبیژى وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاند  تورکیا بەچڕیی چاودێریی هەوڵەکانى حکومەتى سوریا دەکەین بۆ گەڕاندنەوەى ئاسایش و ئارامیی تەواوى سوریا ئیمەش پابەندی هەموو رێککەوتن و هاوکارییەکین لەگەڵ ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە.

میدیاکانى تورکیا باسیان لەوە کردووە کە لە 6و 7ـى ئەم مانگەدا بەیرەقدار ئۆغڵۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع و مورهیف ئەبوقەسرە وەزیریی بەرگریی و عەلى نورەدینى سوپاسالاری سوریا کۆبوونەتەوە و باسیان لە چالاکی هاوبەشکردووە لە نێو دیمەشق و چواردەوریدا ، بە دواى ئەویشدا مەتین توکاڵ سەرۆکی هێزە وشکایی و پیادەکانى تورکیا سەردانى سوریاى کردووە.

ئەم ترافیکی سەردان و کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە کە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆر هێزی سەربازیی تورکیا لەسەر سنوورەکانى سوریا (رۆژئاواى کوردستان) کۆبوونەتەوە و ئەگەرى هێرش و پەلاماری تورکیا بۆ سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە دوور نازانن، بەشێک لەمیدیاکانیش وا لێکدانەوەیان بۆ کردووە فشارێکی تورکیایە بۆ سەر هەسەدە پێش کۆتایی هاتنى دوا وادەى رێککەوتنەکەى نێوان شەرع و عەبدی، ئەو جموجووڵەى کە هێزەکانى تورکیاش ئەنجامیی دەدەن رۆتینیکى سەربازییە و پەیوەندیی بە وادەى کۆتایی ئەو رێککەوتنەوە نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP