دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن و چارەسەری سووریا لامەرکەزییە

هەرێم نیوز 

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و جەخت دەکاتەوە کە تاکە چارەسەر بۆ وڵاتەکە سیستەمی لامەرکەزییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 12ی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە میانی کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاری بۆ پاڵپشتی لە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق ڕایگەیاند: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، بەو جۆرەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت."

مەزڵووم عەبدی وتیشی: "بە بڕوای ئێمە چارەسەر لە سووریا دەبێت (لامەرکەزی) بێت و دەمانەوێت ڕۆڵەکانی ناوچەکە لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن."

سەبارەت بە دەستووری نوێ، فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە دا، بابەتی دەستووری هەن وەک فۆرمی حوکمڕانی و بەشداریی پێکهاتەکان کە پێویستیان بە کات و دیالۆگی قووڵتر هەیە، بەڵام لەبارەی دەروازە و سنوورەکانەوە بەرەوپێشچوون هەیە و نزیكبوونەوە لە بۆچوونەكاندا دروست بووە.

لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە سامانی ژێرزەوی هی هەموو هاووڵاتییانی سووریایە و هیوای خواست لە ماوەی ئایندەدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی دۆسیەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP