دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ناکۆکی دارایی دەکەوێتە نێوان حزبوڵا و تاران

هەرێم نیوز

سەرچاوە ئاگادارە لوبنانییەکان بۆ ئاژانسی "ئیرەم نیوز" ئاشکرایان کردووە کە لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئەم دواییانەدا، سەرکردایەتی حیزبوڵڵا داوای لە ئێران کردووە بودجەی ساڵانەی حیزبەکە بۆ 2 ملیار دۆلار زیاد بکات. ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە حیزبوڵڵا پێیوایە تێچووی قۆناغی دوای شەڕ و ئاوەدانکردنەوە گەلێک زیاترە لە بودجەی پێشوو، بەڵام تاران تەنها ڕەزامەندی لەسەر 1 ملیار دۆلار نیشان داوە.

حیزبوڵڵا دەیەوێت بە خێرایی پێگەی سەربازی و جەماوەریی خۆی نۆژەن بکاتەوە، بەڵام ئێران بەهۆی فشارە دارایی و نێودەوڵەتییەکانەوە، نایەوێت سەرکێشی بە بڕە پارەی گەورەترەوە بکات.

عەلی حەمادە، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبوڵڵا ئێستا لەبەردەم "بارگرانییەکی دارایی گەورەدایە"؛ لەلایەک قەرەبووکردنەوەی هەزاران خێزانی زیانلێکەوتوو و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، لەلایەکی تریشەوە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەربازی و کۆگاکانی چەک.

حیزبوڵڵا لە ئێستادا دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ "ژینگەی لایەنگرانی" خستووەتە پێش کڕینی چەک، چونکە دەزانێت هەر لاوازییەک لەو بەشەدا، پێگەی سیاسی لە ناوخۆی لوبناندا دەهەژێنێت.

تاران دەیەوێت حیزبوڵا وەک هێزێکی "بەرگریکار" بهێڵێتەوە نەک پاڵپشتی بکات بۆ پڕچەککردنەوەیەکی خێرا کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کاتێکی نەگونجاودا.

هەروەها گواستنەوەی بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار لەژێر چاودێری توندی نێودەوڵەتیدا، مەترسییەکی ئەمنی گەورەیە بۆ سەر ئێران.

ئەم دۆخە نیشانەی تێکچوونی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو دەری دەخات کە هەردوولا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای شەڕ و دابەشکردنی بودجە هاوڕا نین؛ حیزبوڵڵا پەلەیەتی و ئێرانیش بە وریایی هەنگاو دەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP