دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەى فەتوا کێشەى پیرۆزبایکردنى بۆنەى سەرى ساڵی یەکلایی کردەوە

پیرۆزباییکردنی موسڵمانان لە مەسیحییەکان و یەکتریی بەهۆی سەری ساڵی زاینییەوە کە هەموو ساڵێک لەم رۆژانەدا دەبێتە بابەتێک و زۆرترین جەدەل دروستدەکات، ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان دەڵێن ڕێگەپێدراو نییە و کەمینیەیەکیش دەڵێن ئاساییە، نەک هەر ئەوە بەڵکو رێگە نادرێت ناوى جەژنیشى لێبنرێت و بگرە ژمارەیەکیشیان هێندە توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن کە هیچى تێدا ناهێڵنەوە و تەنانەت پیرۆزباییکاریش کافر دەکەن، بەڵام (دار الأفتاء)ـى میسری ئەم جەدەلەى کۆتایی پێهێنا و بڵاویکردەوە هەرچەندە بابەتەکە خیلافییە، بەڵام لە ڕووى شەرعەوە هیچ کێشەیەکی نییە و جائیزە پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان بکرێت.

ئەو دامەزراوە شەرعییەى میسر بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانى جیهانى ئیسلامی و وڵاتى میسر دادەنرێت و گوێ لە فەتواکانى دەگیرێت، لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە پیرۆزباییکردن لە مەسیحییەکان بەهۆی هاتنى سەری ساڵیی زاینییەوە هیچ کێشەیەکی شەرعی تێدا نییەو و پێچەوانە نییە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی، تیایدا هاتووە ئەو بۆنەیە بەشێک نییە لە عیبادەت و دەرچوون نییە لە بازنەى شەریعەتی ئیسلامی وەک هەندێک لە توندڕەوەکان لێکدانەوەى بۆدەکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاهەنگ گێڕان بەهۆی نوێبوونەوەی ساڵی زاینی بۆنەیەکی کۆمەڵایەتى و مرۆییە، لە ئێستادا بۆنەکە گۆڕاوە و زۆرینەى کۆمەڵگە و وڵاتانی جیهان (بەجیاوازیی ئاینییانەوە) ئاهەنگی تێدا دەگێڕن و هەمووان وەک عیبادەت و بابەتێکی ئاینیی سەیری ناکەن، بەڵکو وەک گۆڕانکاریی لە ساڵ و ژمارەکاندا سەیری دەکەن، ئاهەنگ گێڕان لەو بۆنەیەدا مرۆڤ لە ئایین دوور ناخاتەوە و پیرۆزباییکردنیش کێشەیەکی دینى دروست ناکات، بەڵکو ئەو جۆرە بۆنانە پەیوەندیی دروستدەکات و پێکەوەژیان بەهێزتر دەکات. هیچ بەریەککەوتنێک لەگەڵ مەبەستەکانى شەریعەت (مقاصد الشریعة) دروست ناکات.

لیژنەى فەتوای میسر (دار الأفتاء) ئاماژەیان بە بۆچوونى ژمارەیەک لە فەقیهـ و زانایانى ئیسلامی کردووە لەوانەش ئیمامى شافیعی کە بۆچوونى وایە پیرۆزبایی کردن لە هەر کەسێک لە سەری ساڵ و مانگەکان هیچ کێشەیەک دروست ناکات ئیتر ئەو کەسە موسڵمان یان ناموسڵمان و ئەهلى کیتابیش بێت، بە گوێرەى فەتواکە نە بیدعەیە و نەحەرام.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەشداریکردن و پیرۆزبایی کردنی موسڵمانان لەم بۆنەیەدا لەڕووی شەرعییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و ئەو بۆنەیە سروشتێکى کۆمەڵایەیتى و بۆنەیەکی خۆش و دروستکردنى پەیوەندیی وەرگرتووە، ئەوانەش هیچ پێچەوانە نین لەگەڵ شەریعەتى ئیسلامیی.

لە پەراوێزی فەتواکەى وڵاتی میسردا ئاماژە بەوەشکراوە کە جیاوازییە فیقهیەکانى نێو ئومەتی ئیسلامیی پاشخانی سیاسی و هەندێک ناکۆکیی مەزهەبیی و فیکرییان لە پشتەوە بووە، بۆ سەردەمی خۆیان باش بووە، بەڵام مەرج نییە فەتوا بۆ هەموو قۆناغێک و هەموو تەمەن و شوێنێک گونجاو بێت، ئەم بابەتەش یەکێکە لەو بابەتانە لە سەردەمانێکدا کە مەسیحییەکان وەک عیبادەت و بابەتێکی ئاینیی لێیان روانییوە بۆیە موسڵمانەکانیش فەتواى حەرامییان دەرکردووە، بەڵام لە ئێستادا ئامانج و دیدگاکان گۆڕاون بۆیە دەبێت فەتواکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

ئاماژە بەوەشکراوە لەم سەردەمەدا موسڵمانەکان زیاتر لە هەموو سەردەمێک پێویستیان بە یەکبوون و پێکەوە ژیان و دروستکردنى پەیوەندیی هەیە لەگەڵ دەرەوەى خۆیان، بەشداریکردنی ئەرێنی بە رەچاوکردنى بنەما سەرەکییەکانى بیروباوەڕەوە کارێکی ئاسایی و رێگە پێدراوە، ئامانجی گەورەى ئیسلامیش بڵاوە پێکردنى ئاسایش و ئارامییە نەک پێچەوانەکەى.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP