دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

خۆپیشاندانەکان و نالەباریی ئابووریی ئێران بەکوێ دەگەیەنن؟

هەرێم نیوز

 لە رۆژانی رابردوو گەڕێكی نوێی خۆپیشاندان لە بەشێك لە بازاری سەرەكی مۆبایلی تاران و دواتریش لەبەشێک لە شارەکانى دیکە دەستیپێكرد، بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بلاوكراونەتەوە، خاوەن بازارەكان لە رێگەی داخستنی دوكانەكانیان و وتنەوەی دروشمى دژە حکومەت نارەزایەتییان لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی رۆژانەی نرخی دۆلار دەربریوە.

دۆخەکە حاشاى لێناکرێت:

 
پێگەى تەسنیمی نزیک لە سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان بڵاویکردوەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەى بەهاى زێڕ و دۆلارەوە بەشێک لە کاسبکارانى شارەکان ویستیان ناڕەزایەتى دەرببڕن، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە بازاڕێکی ناسەقامگیر لە ئارادایە و بەهۆی ناجێگیریی نرخی شتومەک شڵۆقییەکی بۆ دروستکردوون، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەى داواى کاسبکاران رەوایە و پێویستە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت بەدەمیانەوە بچن. ئاماژەى بەوەشکردووە کە ئەگەر بەڕێوەبردنێکی باش و رێگەچارەى گونجاو بگیرێتەبەر و گوتەکان بکرێنە کردار ئەو جۆرە رەوشە نایەتە پێشەوە.

دەستى دەرەکی و شانە نووستووەکان:

 
پێگە ئەلیکترۆنییەکە نوسیویەتى بەشێک لەوانەى کە لە هەلێک دەگەڕێن ناڕەزایەتى خەڵک بقۆزنەوە سوودی خراپ لەو بارودۆخە ببینن، خۆیان تێکەڵکردووەو دۆخێکی نا ئارامی و نائاسایشییان دروستکردووە، نوسیویەتیشى میدیا دیجیتاڵییەکانی مونافیقین ( مەبەست موجاهیدنی خەلقە) و زایۆنیزم (مەبەست ئیسرائیلە) دنەى بارودۆخەکەیان داوە.

هۆکارە سەرەکییەکە ئابڵۆقەیە:

 
بەهۆی ئەو ئابڵۆقە ئابوورییەى کە لە لایەن ئەمریکا و یەکێتى ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خراوەتە سەر ئێران، ئابوورى ئەو وڵاتە بەرادەیەک خراپ یووە کە هەمووان چاوەڕێدەکەن لە ئان و ساتێکدا هەموو شتێک تێکبچێت و ببێتە بایسی روخانی ئەو وڵاتە، بەڵام کۆمەڵە رێگرییەک لە ئارادایە کە تا ئێستا ئەو وڵاتەى بەپێوە هێشتووەتەوە، کە بەشێکی گەورەى بەر ئەو وڵاتانە دەکەوێت کە دژە ئەمریکان و بەشێکی ترى بەر هاووڵاتییانى وڵاتەکە دەکەوێت کە بڕوایان وایە بارودۆخیان تێکبچێت زیانەکانیان لە ئێستا خراپتر دەبێت.

تادێت دۆخی خەڵک زیاتر دادەتەپێت:

 
کاریگەریی ئەو ئابڵۆقانە ئەوەندە بەهێزە کە تادێت بەهاى دراوەکەى هێندە نزم دەکاتەوە کە لابردنى سفرەکانى سەر دراوەکەش فریایان ناکەوێت، کاریگەریی هێندە بەهێزی بۆ سەر بازاڕەکان دروستکردووە کە هیچ کاسبکارێکی گەورە و بچووک باوەڕیان بەوە نییە رۆژێک بێتە پێشەوە بەهاى پارەکەیان هەستێتەوە، بەڵکو چاوەڕێی ئەوە دەکەن هەموو خولەکێک بەهاکەى زیاتر داببەزێت و ئەمڕۆ دابەزیینەکە ریکۆردی شکاند و نزیک بوویەوە لە 146 هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک.

بەرەى مقاوەمە هۆکارەکەیە:

 
بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانى ئێران نیگەرانى بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران لەوەدایە کە بەشێکی زۆر لە داهاتى ناوخۆیی بۆ بەرەی مقاوەمەى ئیسلامی خەرجکراوە و دەکرێت، سەرەڕای ئەوەى هاوکارییەکانى ئێران بۆ گروپە چەکدارەکانى سوریا و لوبنان و فەلەستین کەمیکردووە، بەڵام  بۆ یەمەن و عێراق بەردەوامە.

زۆرینەى فەرمانبەران لەخوار هێڵی هەژارییەوەن:

 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کاریگەریی ئابڵۆقەکە لەسەر چینى هەژاری ئەو وڵاتە زۆر خراپە و پەرلەمانى ئەو وڵاتەش ئاستى هەژاریی بەوە دیاریکردووە هەر هاووڵاتییەک  داهاتى لە 40 ملیۆن تومان (نزیکەى 300 دۆلار بەنرخی ئەمڕۆ)کەمتر بێت دەچێتە ریزی هەژارییەوە، بەم پێوەرە زۆرینەى رەهاى فەرمانبەرانى ئاسایی ئەوە وڵاتە لەخوار هێڵی هەژارییەوەن و هاووڵاتیانى ئاسایش هەرزوو پێوەرەکە گرتونیەتەوە، سەرچاوە میدیاییەکانى ئێران کە لە دەرەوەى سنووری ئەو وڵاتە کاردەکەن باس لەوە دەکەن چینى ناوەند بەرەو هەژاریی چووە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە داناوە.

لە گۆڕانکاریی ساڵی نوێدا چى چاوەڕێ دەکرێت؟

لە کۆتاییەکانى 2025 نزیکدەبینەوە ئێران بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەدا تێپەڕیوە و کاریگەرییەکانى بەشێکى درێژدەبێتەوە بۆ ساڵی نوێ، دیارترینیان شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل و کوژرانى ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانى و داڕمانى زیاتر ئابوورییەکەى و چەقبەستن لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ جیهانى دەرەوە بە تایبەتى ئەوروپییەکان. هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی ئەوەى ئێران ئومێدی بەگەڕانەوە بۆ نێو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەدەست بچێت. ئاماژەکان باس لەوە دەکەن ساڵی نوێی 2026 ساڵێکی باش نابێت بۆ ئێران ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتانەى ئێستاى بەردەوام بێت لەوانەش:

نالەباریی دۆخی ناوخۆیی و سەرهەڵدانەوەى زیاتری خۆپیشاندانەکان بە پاساوی جۆراوجۆر، داڕمانى بەهاى دراوەکەى ، زۆربوونى ئابڵۆقەکان و خستنە لیستى تیرۆری دامەزراوە و کەسایەتییەکانى، لە دەرەوەش پەیوەندییەکانى بەرەو خراپتر دەڕوات و دۆستەکانى بەرەو کەمبوونەوە دەچن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP