دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆژەی کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو و باراناو و داچۆڕینی بۆ ناو کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی و چەند بابەتێک پەیوەست بە لافاو

سالار مەحمود

بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و ژینگەی کوردستان نزیک بووەتەوە لە ژینگەیەکی بیابانی وەکو وشکی زۆر (کە پارساڵ بینیمان) لافاوی کتوپڕ و وێرانکەر بەردەوام دووبارە دەبنەوە.

لەم سۆنگەیەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو و بەدوایدا کەمکردنەوەی زیانەکانی وەکو زیانی گیانی و ماڵی و ژینگەیی و شوێنەوارەکانی و پاشان بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، چونکە هەروەکو ئاماژەمان پێکرد کەشوهەوا گۆڕاوە و ژینگەکەمان بووە بە ژینگەیەکی بیابانی کە نێوانی ماوەی بارانەکان درێژتر دەبێتەوە ئەمەش زیانێکی زۆری بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی دانەوێڵەکان دەبێت.

پوختەی پڕۆژەکە:
١- زیادکردنی هێڵی گرادۆنی بۆ لاپاڵ و شوێنە لێژەکان و سەوزکردنیان کە ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە زیادکردنی توانای هەڵمژینی باران و کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو جگە لەو شوێنانەی ناجێگیرن و ترسی داڕمانیان هەیە (failuring).

٢- دیاریکردنی ئاودێڵی ڕووبارەکان کە بریتییە لە ڕێڕەوی لافاوە لاوەکی و مامناوەند و گەورەکان (drainage pattern).

٣- بۆ ڕێڕەوی لافاوە لاوەکییەکان پێویستە دیواری بەردینی وشکەچن بە قەبارەی پێویست دروست بکرێت و هاوتەریب بن لەگەڵ هێڵی گرادۆنی و کۆنتوورلاینەکان بە هەمانشێوە بۆ ڕێڕەوی لافاوە مامناوەندەکان هەمان دیوار دروستبکرێت بەڵام بە (BRC) هایتێنشن ڕاگیربکرێت.

٤- بۆ ڕێڕەوی لافاوە گەورەکان پێویستە چەند بەربەستێکی گونجاو بەدوای یەکدا دروستبکرێن، بەپێی هەڵسەنگاندنی هایدرۆلۆجی ناوچەکە بەشێوەیەک دوای هەموو لافاوێک و دوای نیشتنی قوڕولیتە ئاوەکەیان بەتاڵ بکرێنەوە و بخرێتە ناو بیری تایبەت بە بوژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی (Recharge Well) یاخود ژووری ئاو وەرگر (Recharge Chamber).

٥- ئەو لافاوەش کە لەسەر شەقام و ناو کۆڵانەکان دروست دەبێت پێویستە بخرێتە سەر (نێوان شەقام و شۆستەی ناوەند) پاشان ژووری ئاو وەرگر (Recharge Chamber). بەهەمانشێوە لە کۆڵانەکانیشدا بکرێتە ناو چامبەرەکان لەژێر زەوی باخچەکان. هەندێکجار ئەم بڕگەیە تێچووی زۆرە بەڵام چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کەمکردنەوەی تەوژم و کۆبووەنەوەی لافاوی سەر شەقام و کۆڵانەکان.

بیرۆکەی داچۆڕینی باراناو بۆ ناو کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی جگە لە کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو چەند ئامانجێکی گرنگ بەدەستدەهێنێت لەوانە:
أ- بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەکی خێرا و کاریگەر.

ب- کەمکردنەوەی خەستی ماددە تواوە زیانبەخشەکانی ئاوی ژێرزەوی.

ج- دوای داچۆڕینی باراناو بۆ ناو کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی ئاوە کۆگاکراوەکە پارێزراو دەبێت لە پیسبوون و بەهەڵمبوون بۆ چەندین ساڵ. ئەم مۆدێلە یەکەمجارە لە کوردستان ئەنجامدەدرێت بەبێ بەکارهێنانی پەمپ و بە نیشتوویی و بە ڕوونی باراناوەکە داداچۆڕێتە ناو کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی.

ئەگەر بەم شێواز و تەکنیکانە ناوچەکان و شوێنە نیشتەجێبووەکان ئامادەبکرێن بۆ کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو بەدڵنیاییەوە تەوژمی بەهێزترین لافاو کەمدەکرێتەوە بۆ تەوژمێکی کەمی بێ زیان و بێ قوڕولیتە و ئاستی ئاوی ژێر زەویش بەرزدەبێتەوە و بیر و کانی و کاریزەکانیش دەبوژێنەوە.

- پلانی لایەنی پەیوەندیدار:
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە گەڵاڵە کراوە و ساڵی ٢٠١٠ لە گۆڤاری ئەندازیاراندا بڵاوکراوەتەوە و ساڵی ٢٠١٦ دەستەی کوردستانی پڕۆژەکەی ناردووە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێز وەزیر کاک عبدالستار مجید زووبەزوو بەڕێوەبەری گشتی ئاودێری ڕاسپارد تاوەکو بخرێتە پلانەوە بۆ جێبەجێکردن (بەڵام دوای ڕوودانی لافاوێکی گەورە و چەند لافاوێکی تر هەروەها دابەزینی لەڕادەبەدەری ئاستی ئاوی ژێر زەوی هەولێر) ئەوجا ئاوڕدرایەوە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە کە ئەویش تەنها خاڵی چوارەمی پڕۆژەکەیە، هەوەرچەندە لەو کاتەشدا تەنها خاڵی چوارەمی پێشکەشکرابوو خۆ ئەگەر تەنها خاڵی چوارەم بێت ئەوا پۆندەکان زۆرترین قوڕولیتەی تێدەڕژێت و توانای گڵدانەوەی باراناوی کەمتر دەبێت.

چەند بابەتێک پەیوەست بە لافاو:
جۆری خاکی کوردستان و توانای هەڵمژینی باران:
سەبارەت بە جۆری خاکی کوردستان و توانای هەڵمژینی باراناو ئەوا تێکڕای ناوچەکانی گەرمیانی سلێمانی و گەرمیانی هەولێر و کۆیە کەمترین توانای هەڵمژینی باراناویان هەیە و لافاوەکانیان زۆرترین بڕی قوڕ و لیتەی لەگەڵدایە کە تەوژم و زیانی لافاوەکان زۆر زیاتر دەکات هەروەها شیو و دۆڵە قوڵەکانی ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی چوار پارێزگاکە کە جگە لە قوڕاو هەندێکجار تاشە بەردی گەورە و بچوکیشی لەگەڵدایە لەبەرئەوە پێویستە زۆرترین پڕۆژەی کەمکردنەوەی لافاو لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت.

- دۆخی ئاوی ژێرزەوی:
ئاستی ئاوی ژێرزەوی کوردستان لە دۆخێکی باشدا نییە و بەردەوام ڕوو لە داکشانە ئەویش بەهۆی هەڵکەندنی بیرێکی زۆر و کەمبوونەوەی دابارینی مامناوەند و زۆربوونی بارانی بەخوڕ و نەمانێ ئاودێری بەشێوەی دێراو.

- دۆخی شاری چەمچەماڵ:
لەەم کاتەدا و دوای سەرڕێژبوونی پۆندی بانی مەقان پێویستە تیمێکی ئێشکگری بۆ دابنرێت و پێش شەپۆلی داهاتووی باران بەتاڵبکرێتەوە تاوەکو بە بەتاڵی ئامادەبێت بۆ کەمکردنەوەی تەوژمی لافاوەکانی داهاتوو و بەزووترین کاتیش خاڵەکانی (٢، ٣)ی پڕۆژەکە جێبەجێبکرێن (بۆ ڕێگریکردن لە گیراوی بۆری بەتاڵکردنەوەی هەر پۆندێک پێویستە بەشێکی کەمی قفڵی بەتاڵکردنەوە کراوەبێت لەکاتی لافاوەکەدا هەروەها ماوەی ٧٢ کاتژمێر دوای لافاوەکەش).

- ئەلێرم و زەنگی ئاگادارکردنەوە پێش ڕوودانی کارەساتەکان:
پەیوەستکردنی سەنتەری کەشناسی شار و شارۆچکەکان بە مۆبایلی هاووڵاتیان تاوەکو پێش ڕوودانی لافاو زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدات تەنانەت لە حاڵەتی (mode airplane) لە شەوان و کاتی نووستن، تاوەکو زۆرترین کەس دەربازبن و زیانی گیانی ڕوونەدات.

- دۆخی لافاوی شاری سلێمانی:
لافاو لە شاری سلێمانی تەنها لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دروست دەبێت ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ توانای هەڵمژینی باراناوی بەرزە بەڵام پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و گەشتیاری و زیادبوونی ڕووبەری قیر و کۆنکریت لەو شاخانە ئەگەری دروستبوونی لافاو زیاد دەکات بەرەو شاری سلێمانی لە هەمانکاتدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاریگەریش دەکاتە سەر کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوی سەرچنار لەبەرئەوە پێویستە باراناوی سەربان و کۆڵانەکانی پڕۆژەکانی ئەو ناوچانە دابچۆڕێتە ناو کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی.

- دۆخی پڕۆژەکانی ئاو لەکاتی لافاو:
ئەو پڕۆژانەی لەکاتی لافاو دابەشکردنی ئاو ڕادەگرن بەهۆی لێڵی ئاو پێویستە ئەو لقانەی دەڕژێنە زێیەکانەوە پۆندیان لەسەر دروستبکرێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی دیاردەی لێڵبوون.

- دۆخی پردەکان و دیوارە ڕاگرەکان و ڕێگاوبانەکان:
پردەکانی کوردستان لە دۆخێکی خراپ یان زۆر خراپدان ئەویش بەهۆی لافاوی بەهێزەوە ڕووبارەکان ڕێڕەوی خۆیان دەگۆڕن و ڕوودەکەنە دەرچەیەک یان دووان و سیانی پردەکان ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاکی تەنیشت و ژێرپایە و ڕاگر و دیواری پردەکان و بەدوایدا ڕووخانی پردەکان، لەم حاڵەتەدا پێویستە لەم سەر بۆ ئەو سەری پردەکە بە تەکنیکی نوێ پارێزراو بکرێن (protection) و گیراوی پردەکانیش زووتر پاکبکرێنەوە لە دار و درەخت و بەرد و خۆڵ. بۆ دروستکردنی ڕێگاوبانە نوێیەکان پێویستە تەکنیک و مەوادی نوێ بەکاربهێنرێت لە بابەتەکانی (geo protection) بەتایبەت بۆ ڕێگاکانی نزیک ڕووبارەکان. سەبارەت بە دیواری ڕاگریش وەک تێبینی کراوە لە زۆر شوێن دیواری نزم و مامناوەند و بەرز دروستکراوە بێ ئەوەی پشتی (backfill)ی دیوارەکە پڕبکرێتەوە و لە حاڵەتی داڕووخانی بەشی پشتەوەی دیوارەکە زیانێکی زۆر بە دیوارەکان دەکەوێت بەجۆرێک دیوارەکان ڕۆڵیان نامێنێت.

- دۆخی ڕووبارەکان:
لە چەند شوێنێکی ڕووبارەکانی کوردستان بەردەوام پاشماوەیەکی زۆری بیناسازی فڕێدەدرێن ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی تەوژمی لافاو و پڕبوونەوەی دەرچەی شێوە بۆکسییەکان، بۆ لەمەودا پێویستە سنوورێکیش بۆ ئەم دیاردەیە دابنرێت.

- دۆخی ئاودێری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان:
لەەم سەردەمی قەتیسبوونی گەرمییەدا کە ڕادەی بەهەڵمبوون زیاتر بووە نۆبە و سەرەی ئاودێرییەکان بە نزیکەیی دوو هێندە زیادیان کردووە هەروەها بۆ دانەوێڵەکانیش چیتر ناتوانرێت بەتەنها پشت بە باران ببەسترێت یان بەهۆی دواکەوتنی بارانی پەڵە یاخود ناڕێکی دابارین و کەم بارانی بەرهەمی ساڵێک ناکامڵ دەبێت یاخود بەهەدەر دەچێت لەبەرئەوە دەبێت بەشێوەی دەستکرد ئاودێری بکرێن ئەمەش بەکارهێنانی ئاو زیاتر دەکات هەر بۆیە پڕۆژەی کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو و داچۆڕینی باراناو بۆ ناو کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی پێویستییەکی ژیاری و ژینگەیی ئەم سەردەمەیە.

لە کۆتاییدا سەرجەمی پێشنیارەکان گرنگن بەڵام گرنگترینیان (پڕۆژەی کەمکردنەوەی تەوژمی لافاو و باراناوەکان و داچۆڕینیان بۆ ناو کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی)یە، کە ئەگەر لە ئێستاوە ئەم پڕۆژەیە کاری لەسەر نەکرێت ساڵانە زیانێکی زۆری ماددی و گیانی و ژینگەیی لێدەکەوێتەوە و ئاوێکی زۆریش بەفێرۆ دەڕوات کە هاوتای زێڕی سپییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP