هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، کاریگەری ئەو شەپۆلە باران و بەفرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەرەو لاوازی دەچێت، بەڵام بۆ ئەمشەو و بەیانی سبەی، شەپۆلێکی سەرما و شەختەی بەهێز زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمشەو لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارینی پچڕپچڕ و کرێوە بەردەوام دەبێت. بۆ سبەی سێشەممە هەرچەندە کاریگەری باران و بەفر نامێنێت، بەڵام پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە. کەشناسی هۆشداری دەدات کە پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن و لە هەولێریش لە سفر پلە نزیک دەبێتەوە.
سەبارەت بە ناوچە ساردەکانی دیکە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین بگاتە ۳ پلە لەژێر سفر و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بۆ ٦ پلە لەژێر سفر دابەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی شەختە لەسەر ڕێگاکان و ناوچە جیاوازەکان.