هەرێم نیوز
ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی "سۆماڵی لاند" وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنێت. ئەم بڕیارە مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست کرد و حکومەتی سۆمالیش بە هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی ناوی برد.
سۆماڵی لاند کە ناوچەیەکی کەناراوییە لە کەنداوی عەدەن، لە ساڵی ١٩٩١ەوە جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵی ڕاگەیاندووە. هەرچەندە دامەزراوەی حکومی، پۆلیس و دراوی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بوو هیچ وڵاتێک دانی پێدا نەنابوو.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی سۆماڵی لاند، جەختی لە "مافی بڕیاردانی چارەنووس" بۆ ئەو ناوچەیە کردەوە. ئیسرائیل بەڵێنی داوە لە بوارەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا هاوکارییان بکات.
شیکەرەوەکان پێیان وایە ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژیی لەم هەنگاوە هەیە. ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی سۆمالیلەندەوە پێگەیەکی سەربازی و هەواڵگری لە دەریای سوور هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و حوسییەکانی یەمەن. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم ناساندنە پەیوەندی بە پلانی گواستنەوەی زۆرەملێی فەلەستینییەکانی غەززەوە هەبێت بۆ ئەو ناوچەیە.
ئەم بڕیارە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، میسر و یەکێتیی ئەفریقا سەرکۆنەی هەنگاوەکەی ئیسرائیلیان کرد. چینیش هۆشداری دا کە نابێت هیچ وڵاتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی هانی هێزە جوداخوازەکان بدات.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرگری لە بڕیارەکەی ئیسرائیل کرد. واشنتۆن ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە پێشتر دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە بەڵام ئێستا دژی ناساندنی سۆمالیلەند دەوەستنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە پەلە ناکات لە چاوکەوتن بە ئیسرائیل بۆ ناساندنی ئەو وڵاتە نوێیە.