هەرێم نیوز
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپدا ڕایگەیاند، هەڵوێستەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا "پشتی پەردەی ڕووداوەکانی ئێرانی ڕوون کردەوە".
لاریجانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران جیاوازی دەکەن لە نێوان "داواکاریی کاسبکارانی ناڕازی" و ئەو کەسانەی بە "تێکدەر" ناوی بردن.
ئەو هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی واشنتۆن کرد و نووسی: "ترەمپ با بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لەم پرسە ناوخۆییەدا، یەکسانە بە تێکچوونی تەواوی ناوچەکە و لەناوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
هەروەها لاریجانی ڕوو لە گەلی ئەمریکا وتی: "پێویستە خەڵکی ئەمریکا بزانن کە ترەمپ دەستی بەم سەرکێشییە کردووە، بۆیە با ئاگاداری سەربازەکانیان بن."
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاندبوو، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندوتیژی و تەقەکردن وەڵامی خۆپێشاندەران بداتەوە، ئەوا ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران و ڕزگارکردنیان دەستوەردان دەکات و بۆ ئەو مەبەستە لە ئامادەباشی تەواودایە.