هەرێم نیوز
ئەنجومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمیی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک تەسلیم نابن و بڕیاریان داوە لە گەڕەکەکانیاندا بمێننەوە و بەرگری بکەن.
بەپێی بەیاننامەکە، لە ڕێکەوتی 6ی مانگەوە ئەو گەڕەکانە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی چڕ بە چەکی قورس بوونەتەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا خۆڕاگرییەکی گەورە نیشان دەدەن و جەختیان کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دژی گەلی کورد و دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی زۆرەملێیە، ئەمەش بە واتای گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی شارەکە و تێکدانی ڕێککەوتنی 1ی نیسان دێت.
لە بەیاننامەکەدا حکومەتی کاتی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە تۆمەتبار کراوە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی گشتی بە توندی ئیدانەی بێدەنگیی نێودەوڵەتی ئەو زلهێزانەی کرد کە لە ڕێککەوتنەکانی 10ی ئازار و 1ی نیساندا ئامادەبوون، بەڵام ئێستا بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە مرۆییانە بێدەنگن.
داواشیان لە هاووڵاتییان کرد کە کۆببنەوە و پشتیوانی هێزەکان بن بۆ بەرگریکردن لە گەڕەکەکانیان و ڕێگریکردن لەو پلانانەی کە مەبەستیان ئاوارەکردنی دانیشتووانی ناوچەکەیە.