دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: هێرشەکانی حەلەب هەوڵێکن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و کۆمەڵکوژیی کورد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا، هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە "تاوانی جەنگ" ناو دەبات و هۆشداری لە کارەساتێکی مرۆیی دەدات.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایگەیاند، ئامانج لەم هێرشانە "کۆمەڵکوژی، کۆچپێکردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری حەلەبە". ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی مزگەوت، قوتابخانە، ماڵی هاووڵاتییان و نەخۆشخانەکان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژن و منداڵ.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا حکوومەتی دیمەشق تۆمەتبار کراوە بەوەی کە "بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی تورکیا و بەشداریی گرووپە توندڕەوەکان" کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو دەکات. هەروەها هاتووە کە بەرزکردنەوەی دروشم و هێمای داعش لەلایەن هەندێک لەو گرووپانەوە، هەوڵێکی ڕەتکراوەیە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکخراوە لە ناوچەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە گەرەنتیکارەکانی بە "بەشداریکردن لە تاوانەکان" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە بەرگریی ئێستای شەڕڤانان و خەڵک، مافێکی ڕەوایە بۆ پاراستنی ئیرادەی گەلێکی ئازاد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP